نەجمەدین كەریم: پێوسیتە كەركووك دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت تا خۆی خۆی بەڕێووە ببات

كونسوڵی ئەمریكا لە ھەولێر: ئەمریكا عێراقێكی یەكگرتووی دەوێت

K24 - كەركووك

ئەمڕۆ كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە ھەولێر، سەردانی پارێزگای كەركووكی كرد و لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدِا، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك رایگەیاند "پێوسیتە كەركووك دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت تا خۆی خۆی بەڕێوە ببات. جەختیشی كردەوە ھاووڵاتییانی كەركووك بە تەواوی پێكھاتەكانەوە پشتگیریمان دەكەن بۆ ئەوەی خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

ماتیاس میتمان كونسوڵی ئەمریكا لە ھەولێر گوتی: "ئەمریكا دەیەوێت عێراقێكی یەكگرتوو یەكریز و دیموكرات ھەبێت، دەمانەوێت سەرچاوەكانی داھات لە عێراق بۆ خزمەتكردنی خەڵك بەكار بھێنرێن".

گوتیشی: "وەك ئەمریكا ھەست دەكەین بارودۆخی عێراق بەرەو باشی دەچێت، چەند ناوچەیەك لە دەست داعش دەرھێنراوە و ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعش بە سەركەوتووی بەڕێوەدەچن".

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك ئەوەشی خستەڕوو: "لەم كۆبوونەوەیە لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا لە ھەولێر، بۆچوونمان لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا لە یەكتر نزیكبوو".

پارێزگاری كەركووك لەبارەی بڕینی بودجەی كەركووك لە لایەن حكوومەتی بەغدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ئەمڕۆ لەبارەی كێشەكانی كەركووك سەردانی بەغدا دەكەم و جارێكی دیكە بڕینی بودجە و كێشەكانی كەركووك لەگەڵ سەرۆك وەزیران باس دەكەینەوە".

سەبارەت بە وەستانی ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك نەجمەدی كەریم گوتی: "دەبێ ھەناردەی نەوتی كەركووك دەست پێبكاتەوە".