يه‌كێتى: ئێمه‌ رێككه‌وتنمان بۆ شه‌ڕى راگه‌ياندن نه‌كردووه‌

بەرپرسی میدیای گۆڕان دەڵێت: بۆ ھەموو قسەیەکی پارتی وەڵاممان دەبێت.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/54c43183-3257-41fb-b711-79bcafab7782/shari%20rageyandn.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئەگەرچی شەڕی راگەیاندنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان راگیراوە، بەڵام بەرپرسی میدیای گۆڕان دەڵێت: بۆ ھەموو قسەیەکی پارتی وەڵاممان دەبێت و ئەندامێکی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیش دەڵێت: ئێمە رێکكەوتنمان بۆ شەڕی راگەیاندن نەکردووە.

لە سەرو وەختی رێكکەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە وترا کە رێکكەوتنەکە لە بەرژەوەندی ئاسایش کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری خەڵکی کوردستاندا دەبێت، بەڵام لە بەرامبەر سکاڵاکەی داواکاری گشتی لەسەر رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمەی دوایی ئەوەی بەگەمەیەکی سیاسی ناوزەدى کرد و مەکینەکانی راگەیاندنی دژی پارتی گەرم کرد.

لە ماوەی شەڕی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشمانی کوردستان نەیارەکەی دوێنێی گۆڕان و برابەشەکەی ئەمڕۆی لەجیاتی ئاوکردن بە ئاگرەکەدا رۆڵی تەماشاکەری بینی لە حاڵێکدا  بنەماکانی رێكکەوتنامەی 17ی مایس ئەو رۆڵەی لێ سەندووه‌تەوە.

لەلایەن خۆیانەوە نوسەرو رۆشنبیران شەڕی راگەیاندنی نێوان گۆڕان و پارتی بە شەڕێکی ناعەقڵانی وەسف دەکەن و ترسی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ لای ھاووڵاتیان تۆخ دەکەنەوە و زیان بە ناوبانگی ھەرێم دەگه‌يه‌نن.

تۆمارکردنی سکاڵایەک لە لایەن داواکاری گشتی لە ھەولێر لەسەر رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەر  تۆمارێکی دەنگی شەڕێکی راگەیاندنی توندی لە نێوان ھەردولا بەدوای خۆیدا ھێنا و دواتر بەھەوڵی بەشێک لەسەرکردەی لایەنە سیاسیەکان راگیرا.