قوباد تاڵەبانی: حکومەتی فیدراڵ لەسەر بۆردومانەکانی کوردستان هەڵوێستێکی جدی نەبوو
"ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە"

K24 – هەولێر
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبوو؟ بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لە کۆڵ خۆیان کردەوە. ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە.
قوباد تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "لە گەرمای تەممووزی بەغداد و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە. تاوانە گەورەکەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەموو هاوڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموولایەکی تازیەبارکرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگای پەرەخن".
ئاماژەی بەوەشداوە: "تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاووڵاتیانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون، بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاووڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!".
لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی هاتووە: "لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جدی نەبوو؟. ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە".
راشیگەیاندووە: "ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفرۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە! من دەڵێم خوێنی کەس لەکەسی تر سوورتر نییە!".