ئهمهریكا: ئەفغانستان بۆ قاعیدە شوێنێکی ئارام نییە
"سەلماندنمان بەبێ بوونی سەربازیشمان دەتوانین زەبری کوشندە لە قاعیدە بوەشێنین"
K24 - ههولێر:
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریکا لەبارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێک ئاخۆ ئەمهریکا نیگەران نییە لە بوونی قاعیدە لە ئەفغانستان، رایگەیاند، ئەفغانستان بۆ قاعیدە شوێنێکی ئارام نییە و بە کوشتنی زەواهیری سەلماندنمان، بەبێ بوونی سەربازیشمان دەتوانین زەبری کوشندە لە قاعیدە بوەشێنین.
گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریکا گوتی: پێموایە باشترە پرسیار لە ئەندامانی قاعیدە بکەن، ئاخۆ لە ئەفغانستان هەست بە سەلامەتی دەکەن؟ ئێمە سەلماندمان کە ئەفغانستان پەناگەیەکی ئارام نییە و قاعیدە لەوێ پێشناکەوێت.
گوتایشی: ئەم کارە نیشانی دەدات، بەبێ بوونیشمان لەو وڵاتە، تواناکانمان بە بەرزی دەمێننەوە، هەروەک توانیمان ئەو تیرۆریستە داواکراوەی جیهان دەستنیشان بکەین و شوێنی بدۆزینەوە و دواتر رێوشوێنەکان بگرینەبەر بۆ دوورخستنەوەی لە بەرەکانی جەنگ.