هیندستان.. ئازادكردنی ده‌ستدرێژیكارانی سه‌ر ئافره‌تێكی موسڵمان ناڕه‌زایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

كاتێك هیندۆسه‌كان په‌لاماریان دان، شه‌ش كه‌سی خێزانه‌كه‌ی و كچه‌ سێ ساڵییه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و خۆیشی هه‌رچه‌ند دووگیان بوو ده‌ستدرێژی سێكسی كرایه‌ سه‌ر

دیمه‌نێكی خۆپیشاندانی چالاكانی ژن له‌ هیندستان
دیمه‌نێكی خۆپیشاندانی چالاكانی ژن له‌ هیندستان

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئازادكردنی ئه‌و سزادراوانه‌ی، كه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی به‌ كۆمه‌ڵیان كردبووه‌ سه‌ر ئافره‌تێكی موسڵمانی هیندی، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ئه‌و ژنه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كه‌ی كرابووه‌ سه‌ر ده‌نگی ناڕه‌زاییان هه‌ڵبڕی و ژنه‌كه‌ رایگه‌یاند، هه‌وڵ و ماندووبوونی 18 ساڵم له‌پێناو چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری به‌ هه‌واداچوو.

بیلكیس بانۆ، ئه‌و ئافره‌ته‌ی هیندستانه‌ له‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌ تائیفییه‌كانی ساڵی 2002 له‌ ویلایه‌تی گوجارات، حه‌وت كه‌س له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا، له‌ نێوانیاندا كچێكی سێ ساڵانه‌‌شی له‌ده‌ستدا، دووچاری ده‌ستدرێژی سێكسی به‌ كۆمه‌ڵ بووه‌وه‌ له‌لایه‌ن گروپێك له‌ هیندۆسه‌كانی ئه‌و ویلایه‌ته‌وه‌، له‌كاتكێكدا دووگیانیش بوو‌.

دوای ئه‌و رووداوه‌ 11 كه‌س به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیركران و دادگاش سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پاندن، به‌ڵام رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، دوای ته‌نها 14 ساڵ له‌ زیندانیكردن ئازادكران.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پارێزه‌رانی بیلكیس بانۆ، رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ قوربانییه‌، دوای بیستنی هه‌واڵی ئازادبوونی ده‌ستدرێژیكاره‌كان، دووچاری شۆكێكی گه‌وره‌بووه و ئێستا له‌ خه‌مێكی قوڵدا ده‌ژیت و برینه‌كانی نوێبوونه‌ته‌وه‌‌.

بیلكیس بانۆ له‌ رێی پارێزه‌ره‌كانییه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، "باوه‌ڕم به‌ دادگا و سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی وڵاته‌كه‌م كرد، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر لاوازبوونی باوه‌ڕی من به‌ دادگا هه‌یه‌، به‌ڵكو ده‌بێته‌ نائومێدییه‌ك بۆ هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌ پێناو چه‌سپاندنی دادگه‌ری و به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه‌كانیان خه‌بات ده‌كه‌ن".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و چالاكوانانی به‌رگری له‌ مافه‌كانی ئافره‌تان، له‌ نیوده‌لهی، پایته‌ختی هیندستان، رێپێوانێكی ناڕه‌زایه‌تییان دژ به‌ ئازادكردنی تاوانبارانی ده‌ستدرێژی كردن بۆ سه‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ موسڵمانه‌ ئه‌نجامدا.

به‌پێی راپۆته‌ فه‌رمییه‌كان، نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان موسڵمان بوون، له‌ ساڵی 2002، له‌ ویلایه‌تی گوجارات دووچاری ده‌ستدرێژی و كوشتن بوونه‌وه‌، له‌ تۆڵه‌ی سووتانی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك كه‌ 59 هاووڵاتی هیندۆسی تێیدا گیانیان له‌ده‌ستدا.

ئازادكردنی ئه‌و 11 كه‌سه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ده‌ستپێكی ئاهه‌نگه‌كانی یادی 75 ساڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هیندستان، به‌ڵام به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی حكومی، ئازادكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌هۆی ته‌واوكردنی ماوه‌ی یاساییان بووه‌ كه‌ 14 ساڵ زیندانییه‌، كه‌ به‌پێی یاسای ئه‌و وڵاته‌ حوكمی زیندانی هه‌تاهه‌تایی ئه‌وه‌نده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن تیمی پارێزه‌ران و چالاكوانانی مافی مرۆڤی ئه‌و وڵاته‌ ره‌تكرایه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس