کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێرای هاتووچۆ: لەسەر تەقەکردن لە کامێراکانمان سکاڵامان تۆمارکرد

"نازانین کێ تەقەی لە کامێراکانمان کردووە؟"

تەقەکردن لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگای (سلێمانی - دووکان)
تەقەکردن لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگای (سلێمانی - دووکان)

K24 - سلێمانی:

پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، کە خاوەنی ئەو کامێرایانەن کە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی دادەنرێت بۆ تیژڕەوی رایگەیاند، لەسەر تەقەکردن لە چەند کامێرایەکمان سکاڵامان تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە (22ی ئابی 2022) لەسەر رێگەی نێوان سلێمانی – دووکان، تەقە لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی کرا، کە بۆ تاقیکردنەوە دانرابوون، لەسەر رووداوەکە لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، کە خاوەنی کامێراکانە بە کوردستان 24ی راگەیاند، سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە.

تەقەکردن لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگای (سلێمانی - دووکان)، وێنە: کوردستان24
تەقەکردن لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگای (سلێمانی - دووکان)، وێنە: کوردستان24

پارێزەری کۆمپانیاکە دەڵێت "ئەو شوێنەی کامێراکانی تێدابووە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی پیرەمەگروونەوە، بۆیە لەوێ سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە، لەسەر ئەو کەسەی تەقەی لە کامێراکان کردووە، بەڵام نازانین ئەو کەسانە کێ بوون، دەمانەوێت دۆسییەکە لەلایەن پۆلیس و دادگاوە لێکۆڵینەوەی یاسایی لێبکرێت و چاوەڕێین ئەوان ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە تەقەکەیان کردووە".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دانانی کامێرای جێگیر لەسەر شەقامەکانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لەناو هاووڵاتیاندا، قسە و باسی جیاوازی لەبارەوە کرا، چونکە بەگوێرەی ئەو سیستمەی دانراوە، لە نێوان خاڵێک بۆ خاڵێکی دیکەی کامێرای چاودێری خێرایی دیاری دەکرێت و شۆفێران لەسەر خێرا لێخوڕین، سزادەدرێن بە 70 بۆ 250 هەزار دینار.

تەقەکردن لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگای (سلێمانی - دووکان)، وێنە: کوردستان24
تەقەکردن لە کامێرا جێگیرەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر رێگای (سلێمانی - دووکان)، وێنە: کوردستان24

بڕیارە سبەینێ، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆببێتەوە و پرسی دانانی کامێرا جێگیرەکان تاوتوێ بکات، چونکە پێشتر 16 ئەندامی ئەنجوومەنەکە داوایانکردبوو، پرسی دانانی کامێرەکان هەڵبوەشێتەوە.

نزیکەی 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستان، پۆلیسی هاتووچۆ، کامێرای چاودێری تیژڕەوی بەکاردەهێنێت بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانەی بەخێرایی زیاتر لە رێژەی دیاریکراو بەسەر شەقامەکاندا لێدەخوڕن، بەڵام زۆرینەی کامێراکان گەڕۆکن و هەر رۆژە و لە شوێنێکدا تیمەکانی هاتووچۆ دایاندەنێن و ژمارەیەکی کەمیشیان جێگیرکراون.

Fly Erbil Advertisment