کەشناسیی هەرێم: ئەمساڵ رێژەی دابارین 35% زیاد دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ وەرزی دابارینی (2026–2027) رایگەیاند و باسی لەوە کرد بەهۆی دیاردەی کەشوهەوایی "ئێل نینۆ" مەترسیی وشکەساڵی لە ناوچەکەدا نامێنێت و رێژەی دابارین بەرز دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پێشبینییەکان بۆ وەرزی دابارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەرن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند فاکتەرێکی کەشوهەوایی کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە دروست دەکەن و هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت."

ئیبراهیم روونیکردەوە، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان دەرکەوتنی کاریگەرییە توندەکانی دیاردەی "ئێل نینۆ"یە. بەپێی ئەزموونی ساڵانی رابردوو هەر کاتێک ئەم دیاردەیە دووبارە بووبێتەوە، بە خێر و بارانی باش بۆ هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان، بەڕێوەبەری کەشناسی گوتی: "بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی خستوومانەتە بەردەم ژووری ئۆپەراسیۆن و ناوەندی قەیرانەکان، پێشبینی دەکرێت تێکڕای رێژەی دابارینی ئەمساڵ 20% تا 35%ـی بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بێت، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە ناوچەکە لە مەترسیی وشکەساڵی بەدوور دەبێت."

لەبارەی کاریگەریی وەرزەکە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، ئیبراهیم باسی لەوە کرد کە وەرزی بارانبارین وەک پێشبینی دەکرا زووتر دەستی پێکردووە و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە باران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باریوە، ئەمەش زەمینەیەکی لەبار بۆ وەرزی چاندن و جووتیاران دەڕەخسێنێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ رۆژانی داهاتوو ئاشکرا کرد و گوتی: "پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی داهاتوودا شەپۆلێکی باشی بارانبارین ناوچەکە بگرێتەوە و بەراورد بە پار، رێژەی دابارینەکە زۆر زیاتر بێت."