سێ ملیۆن به‌ریتانی داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ریفراندۆم ده‌كه‌ن
سه‌رۆك وه‌زیرانی سكۆتلاند: چیدیه شانشینی یه‌كگرتوو بوونی نییه
K24 - هه‌ولێر:
بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ریفراندۆم له باره‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ژماره‌ی واژوو ئه‌لیكترۆنییه‌كان له زیادبووندان و له ئێستاشدا، 3.1 ملیۆن كه‌س واژووی كردووه.
له‌گه‌ڵ قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان دوو پارته گه‌وره‌كه‌ی به‌ریتانیا، ژماره‌ی واژووه ئه‌لیكترۆنییه‌كانیش له‌سه‌ر یاداشتی دووباره‌كردنه‌وه‌ی ریفراندۆم له زیادبووندایه.
بڕیاره دوای ته‌واو بوونی واده‌ی كۆكردنه‌وه‌ی واژوو، یاداشته‌كه له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا گفتوگۆی له باره‌وه بكرێت و بخرێته ده‌نگدان، چونكه به گوێره‌ی رێسای په‌یڕه‌وكراو، ئه‌گه‌ر رێژه‌ی به‌شداربووانی ریفراندۆمه‌كه له 75% كه‌متربا و 60%ی ده‌نگه‌كانیش به به‌ڵێ یاخود نه‌خێربن، ئه‌وا ده‌بێت ریفراندۆم دووباره بكرێته‌وه.
له ریفراندۆمه‌كه‌ی به‌ریتانیا، 52%ی ده‌نگده‌ران، ده‌نگیان به به‌ڵێ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌داوه و نزیكه‌ی 72%ی ده‌نگده‌ران له كۆی 46.5 ملیۆن ده‌نگده‌ر، به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كرد.
به گوێره‌ی یاساكانی به‌ریتانیاش، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته پێویسته گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و یاداشتانه بكات، كه واژووی زیاتر له 100 هه‌زار كه‌سی له‌سه‌ر كۆكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام د‌یڤید كامیرۆنی سه‌رۆك وه‌زیران پێشتر رایگه‌یاندبوو، دووباره كردنه‌وه ریفراندۆم، كارێكی ئه‌سته‌مه.
له‌لایه‌نی دیكه‌وه، نیكۆلا ستێرگۆن، سه‌رۆك وه‌زیران سكۆتلاند رایگه‌یاند، چیدیكه ئه‌و شانشینه یه‌كگرتووه نه‌ماوه كه سكۆتلاند له 2014 بۆ مانه‌وه تێیدا، ده‌نگیدا.
دوای ئه‌وه‌ی به‌ریتانییه‌كان ده‌نگیان به چوونه‌ده‌ره‌وه له‌كێتی ئه‌وروپادا، نیكۆلا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بێگومان" ئه‌وان ریفراندۆمێكی دیكه بۆ جیابوونه‌وه له به‌ریتانیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
نیكۆلا بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی "BBC"ی به‌رتیانی گوتی: "ئه‌و ئاسته‌نگه‌ی رووبه‌ڕووی من بووه‌ته‌وه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، له ئێستادا ئه‌وه‌یه بگه‌مه رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سكۆتلاند".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، رێگه‌یه‌ك ده‌بیننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان وه‌ك سكۆتلاند له یه‌كێتییه‌كه ناچنه ده‌ره‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چاره‌سه‌ری پێویست ده‌دۆزنه‌وه.