سعوودیە جێبەجێکردنی بڕگەكانی رێککەوتننامەی مەککەی بۆ بەرگریی هاوبەش راگەیاند

سعوودیە بە پاڵپشتیی تورکیا و پاکستان توانای بەرپەرچدانەوەی سەربازیی بەهێز دەکات

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێکردنی قۆناخی جێبەجێکردنی "رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە"ی راگەیاند. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی لە شاری ریاز، لوتکەیەکی سەربازیی باڵا بە بەشداریی سەرۆک ئەرکانەکانی سعوودیە، تورکیا و پاکستان بەڕێوەچوو، بە مەبەستی وەرگێڕانی بەندەکانی رێککەوتننامەکە بۆ هەنگاوی کرداری و هەماهەنگیی سەربازیی کارا.

رۆژی هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە، کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی لە نێوان سەرۆکی هێزەکانی بەرگری و سەرۆک ئەرکانەکانی سوپای وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە (سعوودیە، پاکستان و تورکیا) بەڕێوەچوو.

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی "رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە"یان دەستپێکردووە.

بە پێی راگەیەنەراوەکە، لە کە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئیرادەی هاوبەش و پێداگریی سێ وڵاتەکە کرایەوە بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێ بە مەبەستی وەرگێڕانی ئەو پابەندبوونانەی لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتوون بۆ هەماهەنگییەکی سەربازیی کارا و کاریگەر.

لە راگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، بەشداربووان بە توندی پابەندبوونی خۆیان بە پرەنسیپی "بەرگریی بەکۆمەڵ" دووپات کردووەتەوە، کە ئەمەش بە روونی گوزارشت لە پێداگریی هەر سێ وڵاتەکە دەکات بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سعوودیە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەک ئەوەی لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، سەرۆک ئەرکانەکانی سوپا پێداچوونەوەیەکی وردیان بۆ دۆخی ئەمنی و ئەو هەڕەشانە کرد کە رووبەڕووی سعوودیە دەبنەوە، هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد کە پێشتر کرابوونە سەر شاری مەککەی پیرۆز و ژێرخانی مەدەنی و ئابووریی وڵاتەکە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، شاندە سەربازییەکان گفتوگۆیان لە بارەی ڕێگەکانی بەرەوپێشبردنی زیاتری هەماهەنگیی نێوان هێزە چەکدارەکانی هەر سێ وڵات کرد، بە تایبەتی لە بوارەکانی پەرەپێدانی هاریکاریی هەواڵگری، رێکخستنی سەربازی و تەواوکاریی توانا بەرگرییەکان، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە و پتەوکردنی بەرگریی بەکۆمەڵ.