خانەوادەیەکی کورد لە مۆسکۆ گەورەترین چەرخ و فەلەکیان لەسەر ئاستی ئەوروپا دروستکرد

ڤلادیمێر پوتن گەورەترین چەرخ و فەلەکی لەسەر ئاستی ئەوروپا کردەوە

پرۆژەی خۆری مۆسکۆ (چەرخ و فەلەک)
پرۆژەی خۆری مۆسکۆ (چەرخ و فەلەک)

K24 - مۆسکۆ:

خانەوادەیەکی کورد لە مۆسکۆ گەورەترین چەرخ و فەلەکیان لەسەر ئاستی ئەوروپا درووستکردووە و، بە ئامادەبوونی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، پرۆژەکە کرایەوە.

رۆژی 10ی ئەیلولی 2022 لە پارکی ڤدنخای مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، بەئامادەبوونی سرگێی سەبیانینی سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ و ئەمیران زەلیمخان موتسۆیێڤی خاوەنی پرۆژەکە، گەورەترین چەرخ و فەلەکی بەناوی خۆری مۆسکۆ لەسەر ئاستی ئەوروپا کردەوە. 

پرۆژەی خۆری مۆسکۆ (چەرخ و فەلەک)
پرۆژەی خۆری مۆسکۆ (چەرخ و فەلەک)

ئەمیران زەلیمخان، لەبارەی پرۆژەکەیەوە کورتەیەکی بۆ سەرۆکی رووسیا خستەروو و گوتی: خۆری مۆسکۆ، گەورەترین چەرخ و فەلەکە لەسەر ئاستی ئەورووپا، بەرزییەکەی 140 مەترە و لە 30 کابینەی داخراو پێکهاتووە، کە هەر کابینەیەک توانای لەخۆگرتنی 15 کەسی هەیە، هەریەکەیان خزمەتگوزاری تەندروستی و گەرمکەرەوە و سیستەمی چاودێری ڤیدیۆیی و رێنمایی دەنگی و دوگمەی زەنگ و شاشەی زانیارییان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، چەرخ و فەلەکەکە لە 18 خولەک و 40 چرکەدا یەک خول دەکات، پێشبینی دەکرێت ساڵانە ئەم شوێنە سەرنجڕاکێشە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار بۆ لای خۆی رابکێشێت.

دواتر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا لە گوتەیەکدا سوپاسی خاوەنی پرۆژەکەی کرد، کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی خراپی رەوشی ئابووری، پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان لە پایتەختی رووسیا دروست دەکەن.

.

خانەوادەی موتسۆیێڤ، خانەوادەیەکی کوردی ئێزیدیی نیشتەجێی مۆسکۆن، لەسەر ئاستی رووسیا و وڵاتانی ناوچەکە، لەرووی سیاسی و ئابووری و بازرگانی ناوێکی دیارن، ساڵی 2022 پرۆژەی دوورگەی خەونەکانیان دروستکرد، کە گەورەترین پرۆژەی یاری و خۆشگوزەرانییە لەسەر ئاستی ئەوروپا کە بەهەمان شێوە سەرۆکی رووسیا کردییەوە.

پرۆژەی خۆری مۆسکۆ (چەرخ و فەلەک) لە یادی 875 ساڵەی درووستبوونی مۆسکۆ کرایەوە، پێشتر چەرخ و فەلەکی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، گەورەترین چەرخ و فەلەک بوو لەسەر ئاستی ئەورووپا، ئێستا بەکردنەوەی ئەم چەرخ و  فەلەکە، مۆسکۆ پێش لەندەن کەوتەوە .