عێراق.. نرخی کارتی مۆبایل و بلیتی فڕۆکە گران دەبێت
عەلی کەریم ئیدهیب، توێژەری ئابووری لە رێکخراوی "ئەزوا دجیلە" بۆ پلاندانانی ستراتیژی، وردەکاریی ژمێریاریی پەیوەست بە باج و رسووماتەکانی ناو پێشنیازەکانی رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـی عێراقی خستەڕوو، و تیشکی خستە سەر کاریگەرییە داراییە ئەگەرییەکانی سەپاندنی باجی فرۆش لەسەر کارتی مۆبایل و سەپاندنی رسوومات لەسەر بلیتەکانی گەشتی دەرەوە.
ئیدهیب رایگەیاند: "بەگوێرەی رەشنووسەکە، هەژمارکردنی باج بە رێژەی 10% لەسەر نرخی کارتەکانی مۆبایل، بەگوێرەی ئالیەتی ژمێریاریی ئاماژەپێکراو، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بە بڕی جیاواز بەگوێرەی نرخی کارتەکە؛ بە شێوەیەک باجی 500 دینار دەچێتە سەر کارتی 5 هەزار دیناری، هەزار دینار بۆ کارتی 10 هەزار دیناری، و 2 هەزار و 500 دینار بۆ کارتی 25 هەزار دیناری".
هەروەها گوتیشی: "بەگوێرەی ئەم هەژمارکردنانە، نرخی گشتیی کارتی 50 هەزار دیناری دوای زیادکردنی باجی 5 هەزار دیناری دەگاتە 55 هەزار دینار، لە کاتێکدا نرخی کارتی 100 هەزار دیناری بەرزدەبێتەوە بۆ 110 هەزار دینار دوای هەژمارکردنی باجی 10 هەزار دیناری".
سەبارەت بە گەشتی دەرەوەش، دووپاتیکردەوە وردەکارییەکان رسووماتێکی جێگیری 25 هەزار دیناری بۆ هەر بلیتێک لەخۆدەگرێت، کە ئەوەش تێچووی بلیتێک کە نرخی سەرەکیی 150 هەزار دینار بێت بەرزدەکاتەوە بۆ 175 هەزار دینار.