پێکدادانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان 100 کوژراوی لێکەوتەوە

K24 – هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، رایگەیاند کە لە ئەنجامی پێکدادانی سەربازیی لەگەڵ ئازەربایجان، 49 سەربازی سوپای وڵاتاکەی کوژراون. هەروەها بە پێی لێدوانی وەزیری بەرگری ئازەربایجان، 50 سەربازی سوپای ئەو وڵاتەش کوژراون.

ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا و لە سەر پرسی ناوچەی قەرەباغ، دوو جار شەڕیان کردووە. ئەو دوو وڵاتە دواجار لە ساڵی 2020 کۆتاییان بە شەڕ هینا، بەڵام دیسانیش هەندێ کات هێرشی سەربازی بۆ سەر یەکتر دەکەن.

حکومەتی رووسیا رۆژی 13ـی ئەیلول، رایگەیاند کە بۆ راگرتنی شەڕ، نێوەندگیری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکات.

ناوچەی قەرەباغ، لە سەنتەری کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دایە. ئەو ناوچە کوێستانییە کە زۆربەی دانیشتووانی ئەرمەنین، بەپێی سنوورەفەرمییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەشێکە لە خاکی کۆماری ئازەربایجان.

جیاوازی کلتووری لەو ناوچەیەدا، لە سەرووی سنوورەسیاسییەکانە، ئەرمینیا وڵاتیکی زۆرینە مەسیحی و ئازەربایجان وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە.

لە دواپێکدادانەکان، هەر دوو وڵات یەکتر بە تاوانبار دەزانن.

ئەرمینیا دەڵێ کە چەندین شاری لەلایەن ئازەربایجانەوە تۆپباران کراوە و "ناچاربووە" وەڵامی هەڵسوکەوتی درواسێیەکی بداتەوە.

حکومەتی ئازەربایجان ئەو "تۆمەتە" رەتدەکاتەوە و دەڵێ، هێرشکراوەتە سەر سوپامان و هەر بۆیە "وەڵامیکی گەورەترمان داوەتەوە".