ئێران باس لە دەستگیرکردنی دوو "تیمی تێکدەر" دەکات

"خەڵکانی سەر بە موجاهدینی خەڵق و لایەنگرانی شا، ویستویانە لە چەند ناوچەیەکی تەورێز تەقینەوە بکەن"

خۆپێشاندان لە تاران
خۆپێشاندان لە تاران

K24 – هەولێر

هێزی ئینتیزامی ئێران و سوپای پاسداران، ئاشکرایان کردووە، "تیمێکی تێکدەر"ـیان لە شاری قڕوەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و تیمێکی دیکەیان لە شاری تەورێز دەستگیرکردووە کە بە نیازی "تەقینەوە" بوونە.

عەلی ئازادی، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی سنە، رایگەیاندووە کە رۆژی هەینی (23ـی ئەیلول) لە شارۆچکەی قڕوە "تیمێکی تێکدەر کە دەیانەویست خەڵک بکوژرێن"، دەستگیرکراون.

بە پێی قسەکانی ئەو فەرماندەیەی هێزی ئینتیزامی سنە، تیمەکە بڕێک تەقەمەنیان "بۆ ئاگرتێبەردانی موڵک و ماڵی گشتی"، پێبووە.

عەلی ئازادی دەڵێ: لە شارەکانی سەقز و دیواندەڕە دەست بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە کە بڕیابووە بەسەر خۆپێشاندەراندا بڵاو بکرێتەوە".

لەلایەکی دیکەوە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران باسی لە پووچەڵکردنەوەی "هەوڵی دژبەرانی شۆڕش بۆ تەقینەوە لە تەورێز"، کردووە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "خەڵکانی سەر بە موجاهدینی خەڵق و لایەنگرانی شا، ویستویانە لە چەند ناوچەیەکی تەورێز تەقینەوە بکەن".

هێزی ئینتیزامی و سوپای پاسداران هیچ بەڵگەیەکی وەکو وێنە، ڤیدیۆ یان دانپێدانانی ئەندامانی ئەو تیمانەیان، بڵاونەکردووەتەوە.

هاوکات ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران، ئێوارەی رۆژی هەینی (23ـی ئەیلول) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو کە ئەو خۆپێشاندەرانەی لە رۆژئاوا و رۆژئاوای باکوور [رۆژهەڵاتی کوردستان] کوژراون، لەلایەن "گرووپەکانی دژبەری شۆڕش"ـەوە تەقەیان لێکراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە زۆربەی ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا دەبیندرێ کە هێزە چەکدارەکان بە شێوەی راستەوخۆ تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن.

شەوی هەینی (23ـی ئەیلول) تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە 35 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا، کوژراون.
هەر لەو رۆژەدا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ئەمەریکا گەڕایەوە و لە فرۆکەخانەی تاران، هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران کرد و گوتی، "لە هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادەین ئەمنیەتی خەڵک و وڵاتمان، تووشی مەترسی بێت".

Fly Erbil Advertisment