تەندروستی هەولێر لەبارەی دەستبەسەرکردنی شوفێرێکی ئەمبوڵانس روونکردنەوە دەدات

K24 – هەولێر
تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت: ئەو شوفێرەی دەستبەسەرکراوە، بەهۆی لەدەستدانی کەسێکی نزیکی ئەو شوفێرە باری دەروونی لەحاڵەتی شپرزە بووە، بە هیچ شێوەیەک ماددەی کحولی بەکارنەهێناوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێكی ناڕاست سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس، شۆفێرەکە کارمەندی فەرمی یەکەی فریاگوزارییە و هەڵە تێگەیشتن هەبووە، لە بابەتەکە بەهۆی لەدەستدانی کەسێکی نزیکی ئەم شۆفێرە دیارە باری دەروونی لەحاڵەتی شپرزە دەبێت، ئەم شۆفێرە بەهیچ شێوازێك ماددەی کحولی بەکارنەهێناوە و ئۆتۆمبێلەکەی نەدزیووە، تەنها ویستوویەتی تەرمی کەسە نزیکەکەی خۆی بگوازێتەوە".
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو "بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە کەوا لە فەرمانگەی تەندروستی (کۆنترۆڵی 122) شوفێرێک کە پێشتر کارمەند بووە بەناوی (و. ا. ص) ئامبۆڵانسێکی بردووە و هەڵاتووە، دەستبەجێ دەستیان بە بەدواداچوون کرد و توانییان لە شەقامی (100 مەتری) نزیک نەخۆشخانەی رزگاری دەست بەسەر ئامبۆڵانسەکەدا بگرن و شوفێرەکەشی دەستگیر بکەن.
راشیگەیاندبوو: "تۆمەتبارەکە کە بڕێکی زۆر لە ماددە کحولییەکانی بەکارهێنابوو، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، رادەستی بنکەی پۆلیسی سەروەران کرا".