لە هەولێر زیاتر لە 100 ملیۆن دار دەچێندرێن

K24 - هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی هەسار و بەپێی پلانێكی ستراتیژی تاوەكو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێنن.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ گەشبین ئیدریس، جێگری سەرۆكی رێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی و نەوزاد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران کۆبووەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، لە دیدارەكەدا كە د. شەرمین عەلی، راوێژكار و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانان ئامادەیبوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە رێگەی چاندنی دار و نەمام و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێردا.

ناوبراو جەختیكردەوە، حكومەت بەپێی پلان كار بۆ پەرەپێدانی رێژەی سەوزایی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكات.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆكەدا شاندی میوان پێشنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی ستراتیژیان خستەڕوو كە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندارەكان تاوەكوو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار كە زۆربەیان داربەڕوون لە سنووری شاری هەولێر بچێنن.

لەو بارەیەوە هاوکار عەلی، سەرۆکی رێکخراوی هەسار تایبەت بە کوردستان24 راگەیاند، بە سپۆنسەری کۆمپانیای شامارنی نەوت و هاوبەشی دەزگای روانگە پڕۆژەکەیان جێبەجێکردووە، کە لە قۆناغی یەکەم 60 هەزار داریان چاندووە و ساڵ بە ساڵ ژمارەی چاندنی دار بەڕووەکان دوو هێندە دەکەن و ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2030 نزیکەی 100 ملیۆن داربەڕوو بچێنن.

گوتیشی، بۆیە داربەڕوویان هەڵبژاردووە چونکە دارێکی خۆماڵییە و دارستانەکانی هەرێمی کوردستانی داپۆشیوە، ئامانج لەم هەڵمەتەشیان رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە.

ئاماژەی بەوەشدا، چەندین تەکنیکی نوێیان بەکارهێناوە، تاوەکو ئەو دار بەڕووانە گەشە بکەن و بەرگەی مانەوە بگرن.

لەبارەی ئاودانیشەوە، سەرۆکی رێکخراوەکە ئاشکرایکرد، بە ئاوی بەکارهاتوو ئاویان دەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەکی ریسایکلینیان دامەزراندووە لە نزیک شەقامی 120 مەتری و رۆژانە 12 مەتر سێجا ئاوەڕۆی گەڕەکی 5ـی حەسارۆک دەپاڵێوێت. هەروەها چەندین توێژینەوەیان کردووە، تاوەکو لە رێگەی باران بارینەوە ئاو بدرێت و ئێستا لە توێژینەوەدان بۆ ئەوەی بەرگەی ئاودانی هەفتەی جارێک بگرێت.