ئاماری قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی كانێكی خه‌ڵوز لە توركیا بەرزبووەوە

دێمەنێکی شوێنی رووداوەکە - فۆتۆ: AA
دێمەنێکی شوێنی رووداوەکە - فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر

بەگوێرەی دوایین ئامار 30 کەس بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە باکووری تورکیا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

دوێنێ 14/10/2022، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كانێكی خه‌ڵوز له‌ شاری بارتینی باكووری توركیا روویدا. ئازاد ئاڵتون، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، لەکاتی تەقینەوەکەدا 110 کەس لەناو کانە خەڵوزیەکەدا بوونە، 58 کەسیان رزگاریان بووە و 30 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەیان بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان 15 کەسی دیکە لەناو ئەو کانە خەڵوەزە بێسەروشوێنن، دەگوترێت ئەوانیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تائێستا بە فەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئازاد ئاڵتون، ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تەقینەوەی ئەو کانە خەڵوزە بەهۆی گرفتی گازەوە بووە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە راپۆرتێکدا هۆکاری تەقینەوەکە بخەنەڕوو.