سێرگی ریابکۆڤ: بەشداریکردنی ئەوروپا لە دانوستانەکاندا هەوڵەکانی ئاشتی لەبار دەبات
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لە دانوستانە سێقۆڵییەکانی ئەبوزەبیدا پێشکەوتنی بەرچاو و حاشاهەڵنەگر بەدەست هاتووە لەبارەی داڕشتنەوەی پێکهاتەی نوێی ئاسایشی ئەوروپا؛ لە هەمان کاتدا هۆشداری دا لەوەی کە بەشداریکردنی وڵاتانی ئەوروپی لە دانوستانەکاندا تەواوی هەوڵە ئەرێنییەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەبار دەبات.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "RT"ی رووسی ئاشکرای کرد کە بە پێچەوانەی گەڕەکانی پێشوو، دانوستانەکانی ئەمجارە لە ئەبوزەبی بە شێوەیەکی فراوان تیشکیان خستووەتە سەر ئاسۆی بنیاتنانی سیستەمێکی ئەمنی لە ئەوروپا و ناوچەکانی دەوروبەری ململانێکە، بە جۆرێک کە زامنی جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی داهاتوو بکات.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "هێشتا زووە باس لە گەڕانەوەی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا بکرێت، بەڵام بە پشتبەستن بە گفتوگۆکانی دوو رۆژی رابردوو، پێموایە ئەگەر ئیرادەی سیاسیی پێویست هەبێت، دەتوانین بگەینە رێککەوتنێکی واقیعی و کردەیی بەبێ ئەوەی گرژییەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن."
ریابکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد هەردوولا سەرجەم کەرەستە و بژاردە دیپلۆماسییەکانیان بەکارهێناوە و لە رێگەی دانیشتنی دووقۆڵی، گرووپی بچووک و دانیشتنی گشتییەوە لەسەر وردەکارییەکان دواون. هاوکات ستایشی ئاستی بەرزی لایەنی سەربازی کرد و گوتی، ئامادەبوونی ژەنەراڵ ئەلێکسس گرینکێویچ، فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەوروپا (ناتۆ)، لەگەڵ نوێنەرانی سەربازیی رووسیا، شارەزایی و پیشەییبوونێکی قووڵی بەخشییە گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسە تەکنیکییەکان.
سەبارەت بە هەوڵی وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی داهاتوودا، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە توندی دژایەتیی مۆسکۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی و گوتی: "وڵاتانی ئەوروپی کە پێداگری لەسەر بەشداریکردن دەکەن، هەست بە پەراوێزخرستن دەکەن. ئەوان ناتوانن لەو دیدگایە تێبگەن کە ئێمە بە توندی داکۆکیی لێ دەکەین و پێیان وایە قبووڵکراو نییە؛ تەنانەت ئەوروپییەکان دژایەتیی ئەو بیرۆکە و پێشنیازانەش دەکەن کە لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکاوە پێشکەش کراون."
ریابکۆڤ هۆشداری دا: "جیاوازییەکی زۆر قووڵ لە نێوان هەڵوێستەکاندا هەیە، بۆیە هێنانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر مێزی دانوستانەکان رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی تەواوی ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدەست هاتوون و ئەو ئومێدەی دروست بووە پووچەڵی بکاتەوە."
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی رۆژئاوا کرد و گوتی: "هیوادارم ئەوانەی پێشتر هەوڵی پەکخستنی رێککەوتنەکانیان دەدا، لەوە تێبگەن کە هاوکێشە مەیدانییەکانی جەنگ بە تەواوی لە زیانی کیێڤ لە گۆڕاندایە."
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو؛ هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا، هاوکات دوای کۆبوونەوەکە دوێنێ شاندی نێوەندگیری ئەمەریکا بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵەکان چوونکە مۆسکۆ و کێیڤ.