بەهۆی داڕمانی دیوارێکەوە کەسێك لە سلێمانی گیانی لەدەستدا
K24 - هەولێر:
کەمێک لەمەوبەر لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی، بەهۆی داکەوتنی دیوارێکەوە، هاووڵاتییەك گیانی لەدەستدا.
سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری122 فریاکەوتنی سلێمانی بەکوردستان 24 ی راگەیاند، لە ئێستادا تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس لە شوێنی رووداوەکان و تەرمەکە براوە بۆ پزیشکی دادی.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە شوێنی رووداوەکە چەند بینایەك هەن، کە تەواو نەکراون و کاری بیناسازییان ماوە.
رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، هاوڵاتیەکەی عەرەبە و لەدایکبووی ساڵی 1972 بووە و بۆ گەشتوگوزار هاتووە بۆ سلێمانی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بەوێدا تێپەڕیوە.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی چەند بلۆکێك لە نهۆمەکانی سەرەوەی بیناکە گیانی لەدەستداوە.
رێکان جەمال راشیگەیاند، ئێستا کارکردنیان لە بیناکە راگرتووە و خاوەنەکەشی دەدەنە دادگا، چونکە چەند جارێك ئاگاداریان کردووەتەوە کە نابێت بەو شێوازە کار لەوبیانەیەدا بکرێت.