هه‌فته‌ی داهاتوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه و كوردستان24 ئه‌ندامانی شاندی هه‌ردوولا ئاشكراده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ناوی شاندی حكومه‌تی عێراقی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان24 ئاشكراده‌كات.
له كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایش بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – دهۆك، فارس عیسا به كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه، له‌باره‌ی سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق فارس عیسا ئاشكرایكرد، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه له‌هه‌مانكات وه‌زیری نه‌وتی عێراقه سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌كات.
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا له‌باره‌ی ئه‌ندامانی دیكه‌ی شانده‌كه‌ی عێراق، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، شانده‌كه له ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق، دكتۆر نه‌جیب شوكر مه‌حموود، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی یاسایی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، رافل یاسین، سه‌رۆكی چاودێری دارایی ئیتیحادی، لیوا عومه‌ر، نوێنه‌ری ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی حكومه‌تی عێراق پێكدێت.
فارس عیسا گوتیشی، "چاوه‌ڕێده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراق گفتوگۆ بكه‌ین".
رۆژی دووشه‌ممه 7ـی تشرینی دووه‌می 2022، فارس عیسا له‌باره‌ی ئه‌ندامانی شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكدێت له ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و به‌دواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له به‌غدا.