سەردانەکەی زەیدی بۆ لوبنان دواخرا

باڵیۆزی عێراق لە لوبنان، رایگەیاند: سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەیرووت تا کاتێکی نادیار دواخرا.

سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد ڕەزا حوسەینی، باڵیۆزی عێراق لە لوبنان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت: بڕیار دراوە سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەیرووت تا کاتێکی نادیار دوابخرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ  باڵیۆزەکە رایگەیاندبوو: عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارە سبەی چوارشەممە لە چوارچێوەی گەشتێکدا کە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لەخۆ دەگرێت، سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان بکات.

هەروەها ئەوەشی خستبووەڕوو، سەردانەکە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و کۆماری لوبنانی دێت.

زنجیرە سەردانە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە بە گەیشتنی بۆ سعوودیە و دیداری لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە چووە قۆناخێکی نوێوە. پاشان لە 26ـی هەمان مانگدا رووی لە عەممان کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

تەنیا دوو رۆژ دوای وێستگەی ئوردن، زەیدی بەرەو دیمەشق بەڕێکەوت و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە؛ دواتریش لە 4ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتە بەحرەین، کە ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و یەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیرانێکی عێراق بۆ مەنامە لە دوای ساڵی 2003ـەوە تۆمار کرا.