ئەوقافی دهۆک: سێ قوتابخانەی ئایینی هەن دەرفەتی باش لە زانکۆکان بۆ دەرچووانیان رەخساوە
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک و دەوروبەر رایدەگەیەنێت، لە هەموو پارێزگاکان گرنگی بە خوێندنی ئایینی دەدرێت و ئاشکراشی دەکات، هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و زانکۆی ئەزهەر لەبارەی پرۆگرامی خوێندنەوە هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک و دەوروبەر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، لە سنووری دهۆک سێ قوتابخانەی ئایینی هەن کە یەکێکیان دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
دەربارەی پرۆگرامی خوێندن و پەیوەندییە زانستییەکان، سەرمەد جەمیل گوتی:"هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و زانکۆی ئەزهەر سەبارەت بە پرۆگرامی خوێندن هەیە، تەنانەت ستافی زانکۆی ئەزهەریش لە هەولێر بوونیان هەیە و پێدەچێت وانەش بڵێنەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، لە هەموو پارێزگاکان گرنگی بە خوێندنی ئایینی دەدرێت و جگە لە قوتابخانە ئەکادیمییەکان، حوجرەکانیش بەردەوامن لە خزمەتکردن.
لەبارەی داهاتووی دەرچووانی ئەو قوتابخانانە، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک و دەوروبەر روونیشی کردەوە، کاتێک قوتابییان قۆناخەکانی خوێندن تەواو دەکەن، دەتوانن لە کۆلێژەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکان، شەریعە، دیراساتی ئیسلامی، یان زمانی عەرەبی وەربگیرێن، بۆیە دەرفەتی زۆر باش لەبەردەمیاندا هەیە.
لە هەرێمی کوردستان 20 قوتابخانەی و دوو پەیمانگای ئایینی تایبەت هەن، کە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین، هەروەها ئەو قوتابخانانە پێشتر سەربە وەزارەتی پەروەردە بوون، بەڵام دواتر گواسترانەوە سەر وەزارەتی ئەوقاف.