حکومەتی ھەرێمی کوردستان: پێشێلکارییەکانی ئێران ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت

K24 – هەولێر

حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانننامەکەدا بە توندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات.

هەروەها لە بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە سەقامگیریی، ھەرگیز لە رێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستێکی روون و راشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21/11/2022، ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) شەهیدبووە.

Fly Erbil Advertisment