تاران: له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ رێككه‌وتووین

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، رایگه‌یاند، تاران و به‌غدا له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ دیدی هاوبه‌شیان هه‌یه‌.

گوتیشی: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی ئیتیحادی عێراق، پرسه‌ جێبایه‌خه‌كانی نێوان ئێران و عێراق تاوتوێكراوون.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌ردوولا تێڕوانینیان چوونیه‌كه‌ بۆ رێگرتن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان.

روونیكرده‌وه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران هیواخوازه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان بڵاوبكرێنه‌وه‌ و چه‌ك له‌ لایه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان داماڵرێت و كۆتایی به‌ كاری ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بهێنرێت.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ (29ـی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، رایگه‌یاندبوو، حكومه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی بنه‌ماكانی دراوسێیه‌تی و رێگه‌ نادات له‌ خاكه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی ئێران بكرێت.