عێراقچی راپۆرتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە واشنتن رەتدەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، بە توندی سەرجەم ئەو راپۆرتە میدیاییانەی رەتکردەوە کە باس لە بوونی پیلانی تاران بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە واشنتن و دروستکردنی بنکەی مووشەکی لە ژێر بەنداوەکانی ئێراندا دەکەن

سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا، میدیاکانی لایەنگری ئیسرائیل هەواڵیان بڵاو کردووەتەوە گوایە ئێران پیلان دەگێڕێت بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە واشنتنی پایتەخت و هاوکات بنکەی مووشەکی لە ژێر بەنداوەکاندا دروست دەکات؛ ئەم قسانە تەواو پڕوپووچ و بێبنەمان.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا رووی لەو ناوەندانە کرد و گوتی: وازمان لێ بهێنن لەم پڕوپاگەندە و چەواشەکارییانەی کە هاوشێوەی بیانووەکانی جەنگی عێراقن، بەتایبەت کە پەنجەمۆری ئیسرائیل بەسەر تەواوی ئەم سیناریۆیانەوە دیارە و چیتر کەس باوەڕیان پێ ناکات و نایانکڕێت.

ئەم وەڵامە توندەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، هەندێک لە شرۆڤەکاران گومانیان هەیە زۆرێک لە بەنداوەکانی ئێران بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا و پاڵپشتیکردنی پێگە مووشەکییە ژێرزەمینییەکانی تاران بنیات نرابن، لەپاڵ بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێکی دیکەی میدیایی لەبارەی مەترسیی هێرشی کیمیایی بۆ سەر ئەمەریکا.