یەکەم گەشتی راستەوخۆی لە نێوان هەولێر و دیمەشق لە رێگەی فلای ئەربیلەوە دەستپێدەکات
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی "فلای ئەربیل" رایگەیاند کە لە 2ی کانوونی یەکەمی 2026ـەوە یەکەم گەشتی راستەوخۆی نێوان هەولێر و دیمەشق بەڕێ دەخات و هەفتانە سێ گەشت ئەنجام دەدات؛ بەمەش دەبێتە یەکەم کۆمپانیای کوردی و عێراقی کە گەشتی راستەوخۆ بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.
دووشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل، بە کوردستان24ی راگەیاند: کۆمپانیای فلای ئەربیل یەکەم گەشتیی ئاسمانیی نێوان هەولێر و دیمەشق، لە دووی کانوونی یەکەمی 2026، دەستپێدەکات و هەموو ئامادەکارییەکانیش تەواو بوون.
بەڕێوەبەری کۆمپانیا فلای ئەربیل دەڵێت: هەفتانە سێ گەشت لەلایەن کۆمپانیاکەمانەوە دەکرێت و ئەمەش یەکەم کۆمپانیایی کوردی عێراقییە گەشتی ڕاستەوخۆ لە عێراق بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
هاوکات دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا رایگەیاندووە؛ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندیی ئاسمانی لە نێوان کۆماری عەرەبیی سووریا و هەرێمی کوردستان عێراق دێت، بۆ دابینکردنی بژاردەی گەشتیاریی زیاتر و فرەیی گەشتیاران، بە شێوازێک لە فراوانکردن و گەورەکردنی تۆڕە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی سووریا بەشدار بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا گەشتی راستەوخۆی نێوان هەولێر و دیمەشق لەلایەن فلای شامەوە دەکرێت و هەفتانە سێ گەشتی هەیە.