بلومبێرگ: رووسیا بە بەهای 1.9 ملیار دۆلار دانەوێڵەی ئۆکرانیای دزیووە

K24 - هەولێر:

لە راپۆرتێکی بلومبێرگ هاتووە، لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ رووسیا لە زەوییەکانی ئۆکرانیا نزیکەی 6 ملیۆن تۆن گەنم و 4 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی دیکەیان بۆ خۆیان دروێنە کردووە.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگی ئەمەریکی ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بڕێکی زۆر لە دانەوێڵە کۆگاکراوەکانی ساڵانی پیشووش لە ئۆکرانیا لەناوچوون.

ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی گەنم لە جیهاندا، بەجۆرێک 10 لەسەدی گەنمی جیهان دابیندەکات.

بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ ماوەی پێنج مانگ راگیرا، دوای رێککەوتنی هەناردەی دانەویڵە لە 22ی تەمموزەوە زیاتر لە 12 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.