سێ ملیار دینار بەسەر زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت

K24 – هەولێر
دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بڕی سێ ملیار دینار بەسەر ئەو كەسانە دابەشدەكات كە زیانلێكهوتووی دەستی رژێمی بەعس بوون.
تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواكانی موڵكداریی، رایگەیاند: لە ئەنجامی هەوڵەكانی دەستەی داواكانی موڵكداری بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دەستە، دادوەر عەلا جەواد ساعدی، بەخۆشحاڵییەوە جارێكی دیكە بڕێك پارە بەسەر زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس دابەشدەكرێت، ئەم پارەیە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە داواكارییان پێشكەشی دەستەكەمان كردووە.
هەروەها گوتی: دوای ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێشكەشكراون، دەستەكەمان لە لێژنەی دادوەری پلەی كۆتایی وەرگرتووە و بڕیاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: هاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە پێشتریش پرۆسەی خەرجكردنی بڕە پارە بۆ زیانلیكەوتوان هەبووە و بەردەوامیش دەبێت.
هەروەها روونیكردووەتەوە: لە پرۆسەی ئەمجارەدا ٥٠٠ كەس سوودمەند دەبن، بڕی پارەكەش سێ ملیار دینارە.