یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان روونکردنەوە لەبارەی "زیادبوونی" رێژەی جیابوونەوە دەدات
K24 – هەولێر
بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە بە "ئاماژەیەکی مەترسیدار" ناودێنێت و دەڵێ، "پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا سەرەکیترین هۆکاری جیابوونەوەی هاوسەرانە".
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، بە کوردستان24 دەڵێ: بەپێی ئەو زانیاریانەی لای لیژنەی باڵای فەتوا و دادگاکان تۆمارکراون، خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی هۆشیاری بۆ پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری، دۆخی ئابووری و زۆری مارەیی، خیانەت و دەستوەرانی خێزانی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رێژەی جیابوونەوەن لە کوردستان.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، دووپاتیدەکاتەوە، "ئیسلام لەگەڵ تەڵاقدا نییە، دەکرێ کێشە بچێتە لای مامۆستای ئایینی یان دادگا و دواجار بە پێی بنەما و شەرع و یاساکان هەموو کێشەیەک قابیلی چارەسەرە، نابێ بەردەوام پەنا بۆ تەڵاق ببەین و دەبێ هەوڵی لەیەک تێگەیشتن بدرێ".
بە گوێرەی ئامارەكان ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهاتووە، رێژەی جیابوونەوەش زیاتر لە ناو شارەكاندا تۆماركراون.
هەر لەو بارەیەوە، یهكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022ـدا، هەزار و 604 حاڵەتی تەڵاق له ههرێمی كوردستاندا لهلایهن لیژنهی فهتواوه یەکلایی کراونەتەوە.
یەکێتییەکە ئاماژهیداوه، سەرجەم ئەو کێشه خێزانییانهی لە ساڵی رابردوو روویانکردووهته لقەکانی یەکێتی زانایان سێ هەزار و 148 حاڵەت بوونە، لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەر و بە تەڵاق کۆتاییان هاتووە، بریتی بوونە لە هەزار و 604 حاڵەت.