ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ ناوچه‌كانیان ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پێشوازی له راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی نێوان حكومه‌تی عێراق و بۆنامی ده‌كات سه‌باره‌ت به بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی خاوه‌ندارییه‌تی خانوو و زه‌وی ئێزدییه‌كان.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (6ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق، له په‌یامێكدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه، پێشوازی له راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی نێوان حكومه‌تی عێراق و یۆنامی كرد سه‌باره‌ت به بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خاوه‌ندارییه‌تی خانوو و زه‌وی ئێزدییه‌كان.
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "ئه‌مه‌ریكا شانازی به رۆڵی رێكخراوی هابیتات ده‌كات كه پشتیوانی دارایی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كردووه له ساڵی 2018ـه‌وه كه ده‌بێته هۆی هاوكاری هه‌زاران ئێزدی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانیان".
رۆژی (3ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، جینین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، پێشوازی له بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی كرد، بۆ پێدانی مافی موڵكداری خانوو و زه‌وی به ئێزدییه‌كان له ناوچه‌كانی شوێنی نیشته‌جێبوونیان كه زیاتر له 47 ساڵه له‌و مافه بێبه‌شبوون.
ئه‌م لێدوانه‌ی پلاسخارت له‌میانی راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شی نێوان حكومه‌تی عێراق و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق هات له‌باره‌ی بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق سه‌باره‌ت به پێدانی مافی تاپۆكردنی زه‌وی و خانوو به ئێزدییه‌كان. ههروههها پلاسخارت، بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراقی به دانپێدانانی فه‌رمی به مافی موڵكداری زه‌وی و خانووه‌كان له‌لایه‌ن ئێزدییه‌كانه‌وه وه‌سفكردووه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه كۆتایی به جیاكاری ده‌هنێنێت.
به‌پێێ ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق كه له ساڵی 2018ـه‌وه كاریان له‌سه‌ركردووه، زیاتر له 14 هه‌زار و 500 داواكاری ئێزدییه‌كانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی خاوه‌نداری موڵكداری له ناوچه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری تۆماركردووه.
له‌دوای ساڵی 1975ـه‌وه، به‌هۆی سیاسه‌تی جیاكاری له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی عێراقه‌وه، زیاتر له 250 هه‌زار هاووڵاتی ئێزدی دانیشتووی قه‌زای شنگال له پارێزگای نه‌ینه‌وا بێبه‌شكراون له به‌ده‌ستهێنانی مافی خاوه‌ندارییه‌تی زه‌وی و خانووه‌كانیان.
رۆژی (27ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر تاپۆكردنی زه‌وی و خانووی ئێزدییه‌كان له 11 ناوچه‌ی شنگال، كه بریتین له كۆمه‌ڵگه‌كانی، خانه‌سۆر (التأمیم)، دووگرێ (حطین)، بۆره‌ك (الیرموك)، گوهبه‌ل (الاندلس)، زۆراڤا (العروبة) و دههۆلا (القادسیة) له ناحیه‌ی شیمالی سه‌ر به قه‌زای شنگال. هه‌روه‌ها كۆمهڵگكانی ته‌ل قه‌سه‌ب (البعث) و ته‌ل به‌نات (الولید) له ناحیه‌ی قه‌یره‌وانی سه‌ر به قه‌زای شنگال و كۆمه‌ڵگه‌كانی ته‌ل عوزێر (القحطانیة)، سیپا شێخدرا (الجزیرة) و كهرزرك (العدنانیة) له ناحیه‌ی قه‌حتانییه‌ی سه به قه‌زای به‌عاج له پارێزگای نه‌ینه‌وا.