یەحیا رەسوڵ: داعش ھێزی جارانی نەماوە

K24 - بەغدا
چەكدارانی داعش لە چەندین ناوچەی عێراق چالاكی ئەنجام دەدەن، بەڕای شارەزایانی سەربازی داعش خەریكە خۆی رێكدەخاتەوە، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراقیش دەڵێت: داعش ھێزی جارانی نەماوە و ناتوانێت رووبەڕووی ھێزەكانی عێراق ببێتەوە.
یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "لە راستیدا داعش نەماوە، ئەوەی ئێستا دەیکات دوایین هەناسەیەتی، ئەوانەی هەن پاشماوەکانی داعشن، ئەوان ناتوانن رووبەرووی هێزەکانی عێراق ببنەوە، کردەوەکانی ئەوان لە ناو شارەکان نیین، بەڵکو لە دەوروبەر و لەو شوێنانەن کە بۆشایی ئەمنی هەیە".
ئەمە لەکاتێکدایە داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی.
لەوبارەوە عەمید عەدنان کینانی، شارەزای سەربازیی دەڵێت: "داعش هەوڵدەدات باوەڕی هەندێک خەڵک بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام ناتوانن ئەوە بکەن، ئەو فشارانەی هەیانە لە کەرکووک و دیالە بە دەرفەت دەزانن".