وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: نیگه‌رانین‌ لەوەی ژمارەیەک سەرکردەی داعش لە سووریا ئازادکراون

چه‌كدارێكی داعش
چه‌كدارێكی داعش

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دۆخی ئەمنی عێراق جێگیرە، پاشماوه‌كانی داعش جێگەی مەترسی نيین.

لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلیکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، حکومەتی نوێ بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کار لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵی عێراق دەکات و هەوڵدەدات پڕۆژە یاسای بوجە لە چەند هەفتەی داهاتوودا تێپەڕێنێت.

فواد حسێن ئاماژەی بەوەشدا، عێراق نیگەرانە لەوەی ژمارەیەک سەرکردەی داعش لە سووریا ئازادکراون و هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ عێراق داوە.

رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2017 قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای کەرکووک، کە کۆتا شوێنبوو داعش بەشێوەی رێکخراوەیی لەژێردەسەڵاتیدا مابوو، لەلایەن هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵکرا و دواتر حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوتری عێراق کۆتایی داعشی لە عێراق راگەیاند.

به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی سوودانی، مه‌ترسییه‌كانی داعش بۆسه‌ر عێراق هێشتا ماون، كه‌ رایگه‌یاندبوو، عێراق پێویستی به‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی داعش.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راشیگه‌یاندبوو، هیچ كاتێك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق دیارینه‌كراوه‌ و عێراق پێویستی به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی یه‌كجاری داعش.