زەیدی سەردانی لوبنان دەکات

سەرچاوەیەکی حکوومی رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سبەی چوارشەممە سەردانێکی فەرمی بۆ بەیرووت دەکات.

سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەکە بە میدیاکانی راگەیاند، لە میانی سەردانەکەدا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغدا و بەیرووت، هەروەها دۆسیە ئەمنییەکان و ئابوورییەکان تاوتوێ دەکرێن، بەتایبەت لە سایەی ئەو ئاستەنگانەی ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جووڵە هەرێمییەکانی لە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە سەردانێک بۆ سعوودیە دەستپێکرد و لەگەڵ محەمەد سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. دواتریش لە 26ـی هەمان مانگدا سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆبووەوە.

دوای دوو رۆژ لەو سەردانە، زەیدی گەیشتە سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، پێش ئەوەی لە 4ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەرەو بەحرەین بەڕێبکەوێت، کە یەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیرانێکی عێراق بوو بۆ مەنامە لە دوای ساڵی 2003ـەوە.

ئەم جووڵانە بە سەردانەکەی بۆ لوبنان بەردەوام دەبن، ئەمەش دوای ئەوەی سەردانەکەی بۆ کوەیت کە بڕیار بوو لە 8ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بکرێت، دواخرا. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە هەرێمییانەدایە کە بەهۆی جەنگی سەر ئێرانەوە سەپێنراون، ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، هاوکات لەگەڵ دروستبوونی گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز و نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی ئاسایش، هاوپەیمانییەکان، رێڕەوەکانی بازرگانی و کەرتی وزە.