دەزگای خێرخوازی بارزانی 12 بارهەڵگری کۆمەکی گەیاندووەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە
K24 – هەولێر
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە یەکەم رۆژی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، لەژێر رێنمایی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی، چەندین تیمی بە هاناوەچوون و کۆمەکی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان رەوانەکرد، تائێستا 12 بارهەڵگری لە خواردن و دەرمان و پێداویستی دیکە گەیاندووەتە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە.
بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رۆژی 6ی شوباتی 2023ـەوە تائێستا 12 بارهەڵگر کە پێکهاتبوون لە ئاوی خوارنەوە، دەرمان، خواردنی ئامادەکراو، جل و بەرگ و ماددەی پاککەرەوە، لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیەندراوەتە ناوچە زیانلێکەوتوەکانی بوومەلەرزە و بەسەر لێقەوماوان دابەشکراوە.
جگە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ئێستا تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتوونەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
بەگوێرەی دوایین ئامار زیاتر لە 24 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەی 6ی شوباتی 2023 لە تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە.