دەزگای خێرخوازی بارزانی لە عەفرین سۆراغی گەنجێک دەکەن
خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ویستوویەتی بچێتە ئەوروپا
K24 - هەولێر:
دەزگای خێرخوازی بارزانی هەوڵی رزگارکردنی گەنجێكی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدەن کە لە زیندانەکانی عەفرینە و کەسوکارەکەی ماوەی نۆ مانگە هەواڵی نازانن.
رەواج حاجی، سەرپەرشتیاری تیمی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوان هەوڵی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو گەنجە دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی سۆراغی گەنجەکەی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە لە ژیاندا ماوە، کاتێكیش دۆزیانەوە، هەوڵ دەدەن لەگەڵ خۆیان بیگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان بۆ لای کەسوکارەکەی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو گەنجە لە هەرێمی کوردستانەوە چووەتە یۆنان، بەڵام لەوێ دەستگیرکراوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، گەنجەکە لەلایەن قاچاغچییەکەیەوە ئامۆژگاری کراوە، کە بڵێت خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، هەربۆیە لە یۆنانەوە لەرێگەی تورکیاوە دیپۆرتی سووریا کراوەتەوە و دواتر لە عەفرین خراوەتە زیندان.
ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو گەنجەی هەرێمی کوردستان، خەڵکی دەڤەری رانیەیە، لە مانگی پێنجی ساڵی رابردوو چووەتە یۆنان.
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سەرەتای بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، هەڵمەتی هاوکاری و کۆکردنەوە و گەیاندنی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەستپێکردووە و ئێستاش تیمێکی گەورەی ئەو دەزگا خێرخوازییە بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش بوون.