ژمارەی گیانلەدەستدانی وەرگەڕانی پاسەکەی ئیلام گەیشتە 12 کەس

قایمقامی ئاودانانی سنووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی گواستنەوەی کارمەندانی پاڵاوگەی گازی (NGL)ـی دێلوڕان، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12 حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 بریندار لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان تۆمارکراون.

بەهزاد نوورمحەمەدی قایمقامی ئاودانان بە ئاژانسی ئێرنای زمانحاڵی حکوومەتی ئێرانی راگەیاندووە، پاسەکە بەگشتی شۆفێرێک و 27 سەرنشینی تێدا بووە و شەوی رابردوو لە رێگەی گەڕاندنەوەی کارمەندەکان بۆ ماڵەوەیان وەرگەڕاوە و بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانییەکان، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی بۆ بەدواداچوون لە هۆکارەکانی رووداوە راسپاردووە تا لێکۆڵینەوەی ورد بکات.

بە گوتەی نوور محەمەدی، سێ لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیان دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، گیانیان لە دەستداوە و ئێستا 10 بریندار لە نەخۆشخانەی سەرەکی دەزفوول، 5 برینداری دیکە لە ناوەندە تەندروستییەکانی ئاودانان و بریندارێکیش لە نەخۆشخانەی ناوەندی ئیلام چارەسەری سەرەتایی و پێویستیان بۆکراوە.

ناوی گیانلەدەستداوەکان:

1. ئەمین محەمەدوەلی
2. محەممەدڕەزا موحەممەدی
3. سەعید غوڵامی
4. لوتفوڵڵا مورادی
5. رۆحوڵڵا عەلیجانی
6. فەریبۆرز هادیزادە
7. سەجاد نەسروڵڵاهی
8. بەهرام تەهماسبی
9. محەممەد ڕەحیمی
10. مووسا رەحیمی
11. ئەحمەد تەقیزادە
12. ئەیووب حەسەنوەند

پڕۆژەی پاڵاوگەی گازی شلی 3100 (NGL)ـی شاری دێلۆڕان بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی کەرتی وزە لە باشووری پارێزگای ئیلام دادەنرێت، بەهۆی ئەم رووداوەوە لە پارێزگاکە ماتەمینی سەرتاسەری راگەیەندراوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکە نەزانراوە و داواکاریی گشتیی ئاودانان رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیەک ورد لە چۆنیتی و هۆکاری لە وەرگەڕانی ئەو پاسە لە رێگەی نێوان دەشتی عەباس بەرەو مورموری دەکەن.