ته‌نیا 48 كاتژمێر بووه راهێنه‌ر و دواتر گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه
یانه‌ی لازیۆ به‌یاننامه‌یه‌كی به توڕه‌ییه‌وه بڵاو كرده‌وه
مارسێلۆ بێلسیا، راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی چیللی و ئارجێنتیا، 2 رۆژ پێش ئێستا به فه‌رمی گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ یانه‌ی لازیۆ واژۆ كرد، ئه‌مڕۆش گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
به‌پێی هه‌واڵی پێگه‌ی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵیا، مارسیلۆ بێلسا له پێناو وه‌رگرتنی ئه‌ركی مه‌شق و راهێنانی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی لازیۆ هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه پێش 48 كاتژمێر له‌مه‌وبه‌ر به فه‌رمی له‌گه‌ڵ یانه‌كه رێككه‌وتبوو كه بۆ وه‌رزی دادێ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی لازیۆ بكات.
یانه‌ی لازیۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسیویه‌تی: ئێمه به‌هۆی ئه‌م كاره‌ی به‌ڕێز (بێلسا)ـه‌وه تووشی سه‌رسوڕمانی بووین، كاتێك گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، له كاتێكدا گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌موو رێسا و رێككاره‌كانی خولی ئیتاڵیای تێپه‌ڕ كرد بوو.
له به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه كه ئیداره‌ی یانه‌كه به فه‌رمی سیمۆنی ئینزاگی بۆ راهێنه‌رایه‌تیكردنی یانه‌كه بۆ وه‌رزی داهاتوو ده‌ستنیشان كراوه.
مارسیلۆ بێلسای ته‌مه‌ن 60 ساڵان، پێشتر راهێنه‌ری یانه‌كانی ئیسپانیۆل، ئاتڵێتیك بلباو، مارسیلیای فره‌نسا بووه، هه‌روه‌ها مه‌شقی به هه‌ڵبژارده‌كانی چیللی و ئارجێنتینا داوه، پێشبینی ده‌كرێت جارێكی دیكه بۆ راهێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ بگه‌ڕێته‌وه كه ئێستا بێ راهێنه‌ره.