مۆنۆدرامای "فرمێسک لە چاوی رۆژگاردا" لەسەر شانۆی ئەڵمانی

K24 - هەولێر

مۆنۆدرامای "فرمێسک لە چاوی رۆژگاردا" لە نووسینی رەوانشاد خاتوو مەهاباد قەرەداخی بە زمانی ئەڵمانی نمایش دەکرێت.

ئەم دەقە لە ساڵی 2019 خاتوو مەهاباد قەرەداخی بۆ فرمێسک مستەفای شانۆکاری نووسیوە و پێشکەشی ئەوی کردووە.

لە دوای کۆچی دوایی خاتوو مەهاباد قەرەداخی بە کۆرۆنا ساڵی 2020، نیگار حەسیب قەرداخی ئەم دەقەی وەرگێڕا بۆ زمانی ئەڵمانی،  خاتوو دەهەب بۆرکا کاری دەرهێنان و دراماتوگی بۆ کرد و ماگدە ئۆتێلۆ  پێرفۆمەر و فرمێسک مستەفا وەک ئەکتەری سۆڵۆ  بە نواندن بەشداربوون.

لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2022 پرێمێەری ئەم نومایشە لە ماڵی شانۆیی لالون لە شاری شتووتگارت بە سەرکەوتوویی بەئەنجام گەیەنرا.

ئەمساڵیش جارێکی تر لە چەند ماڵێکی شانۆیی جیاواز نمایش دەکرێتەوە. وەک ماڵی کا کا تێ بۆ شانۆ ، هەروەها لە مانگی ئەپریلی 2023 لە ماڵی لالون بۆ شانۆ جارێکیتر نمایش دەکرێتەوە و تا مانگی ئەوگوست بەردەوام دەبێت.

 لەم مۆنۆدرامایەدا مەهاباد قەرەداخی باسی لەدایک بوون و مردن دەکات، باسی جەنگ و ئاشتی دەکات، باسی جینۆسایدی میللەتانی کورد و ئەرمەنی و یەهود دەکات.

ئەو روحانەی زیندوو دەبنەوە و دێنەوە ژیان، ژنن. لە ژیانە دووبارەکانیاندا ( دۆنایدۆن) جارێکیدی رووبەرووی جەنگ و کارەسات دەبنەوە.

پرۆتاگۆنیستی ئەم مۆنۆدرامایە لە دەقەکەی مەهابادا، ژنێکە لە شارەزوورەوە بەرەو وڵاتێک هەڵاتووە و شایەتحاڵی کارەساتی هەڵەبجەیە. ئەو دایکە دوای نەمانی هەردوو مناڵەکەی و هاوسەرەکەی، وەک پەناهەندە  لە ئوتێلێک کاردەکات و باسی ژیانەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، کە لە سەردەم و شوێنی جیاوازدا ژیاوە. لە نومایشەکەدا، دەرهێنەر خاتوو دەهەب دراماتورگی نوێی بۆ کردووە و پرۆتاگۆنیست ژنێکی چالاکوانی ئاشتیخوازە و لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەییدا بەشدارە. ئامانجی ئەم ژنە ئەوەیە  جینۆسایدی کورد بە دونیا بناسێنێ، هەمان شێوەی دەقەکە باسی ژیانە جیاوازەکانی خۆی دەکات.

ئەمەش ئامانجی فرمێسکی شانۆکاریشە، ئەمیش بە هەمان شێوە دەخوازێت لە رێی ئەم مۆنۆدرامایەوە، هەمان بیرۆکە و خواستی میللەتی کورد و نووسەر بە بینەری ئەڵمان  بناسێنێت. لەسەر ئەو سەکۆیەوە بانگەشەی ئاشتی و ئاسایش بکات.

هونەرمەند فرمێسک مستەفا دەڵێت: (بەختەوەرم بەوەی تێکستی خانمە نووسەرێکی کورد بە ئەڵمان بناسێنم و بە زمانی ئەڵمانی جارێکی تر بیهێنینەوە ناو ژیان و پەیامەکەی درێژە پێ بدەم)

 شايانی باسە ئێستا خاتوو د. نیگار حەسیب قەرەداخی سەرقاڵی وەرگێڕانی چەند دەقێکیترە بۆ زمانی ئەڵمانی، ئەم دەقە شانۆیانە بەرهەمی خانمانی کوردن وەک خاتوو گەزیزە عومەر و مەهاباد قەرەداخی و فرمێسک مستەفا.

هەریەک لەو دەقانە لە روانگەیەکی مێینەوە باس لە ژیان و جەنگ و ئاشتی و خۆشەویستی و ئازادی دەکەن.

.