كێشەی بەساڵاچووە بێلانەکەی هەولێر چارەسەركرا
K24 – هەولێر
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی بە ساڵاچوویەکی بێلانە لە شەقامی ئیسکانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو بەساڵاچووە بێلانەی هەولێر کە گرتەی ڤیدیۆی بڵاوکرابووەوە کێشەکە چارەسەرکرا.
یوسف چاوشین، بەرێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، رایگەیاند "دوای ئەوەی ئەمشەو ڤیدیۆی بەساڵاچوویەكی بێلانە لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاوبوویەوە، تیمێكی خانەی بەساڵاچووانمان راسپارد، بە شێوەی مەیدانی سەردانی بەساڵاچووەكەیان كرد و بۆ خانەی بەساڵاچووانیان گواستەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "لە ئەنجامی بەدواداچوون و گواستنەوەی بەساڵاچووەكە بۆ خانە، بۆمان دەركەوت ئەم بەساڵاچووە خەڵكی حللەیە و پێشتریش تیمی خانەی ئێمە داوایان لێكردبوو بێتە خانە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی ئاڵوودەبوونی بە خواردنەوە كحولییەكان ئامادە نەبوو لە خانەی بەساڵاچووان بژیت".
یوسف چاوشین روونیكردەوە، "بۆ رێز گرتن لە هەست و سۆزی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان، داواكارین لە كاتی بوونی ئەم حاڵەتانە، پێش وێنە گرتن و بڵاوكردنەوەیان لە راگەیاندنەكان، خانەی بەساڵاچووان لێی ئاگادار بكەنەوە".