بهغدا گۆڕانكاری له پۆسته ئهمنییهكان دهكات
دوای كارهساتهكهی كهڕاده
K24 - ههولێر:
دوای تەقینەوە خوێناوییەکەی کەڕادە، کە هەڵگری چەندین نیشانەی سەرسوڕمانە، حکوومەتی بەغدا، چەندین گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکانی شارەکە ئەنجامدا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی شەقامی عێڕاقی.
ئیبڕاهیم خەیات, پسپۆڕی بواری ئەمنی, گوتی: "ئەنجامدانی گۆڕانکاری و دوورخستنەوەی بەشێک لە فەرماندەکان لە پۆستە ئەمنییەکان هەنگاوێکی باشە، بەڵام پرۆسەیەکی ناکامڵە، چونکە مەبەست تەنها ناوەکان نییە، چونکە کەموکوڕی لە فڵان و فیسار نیە، بەڵکو مەسەلەکە چۆنیەتی کارکردن و جێبەجێکردن دایە، بۆیە پێویستە سەرلەنوێ پلانە ئەمنییەکان دابڕێژرێنەوە، پێویستی بە گۆڕانکاری گەروەتر هەیە".
بەگوێرەی لێکدانەوەی چاودێران سیاسی، ئەم جۆرە کردەوە توندوتیژیانە، لە واققیعی ئێستای ئێڕاق دوورنیەو رەنگدانەوەی بەش بەشینەی سیاسی نێوان لایەنەکان دەگەیەنێت.
چالاکوانی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن: "هیچ شکۆمەندییەک بۆ دەزگا ئەمنییەکان نەماوەتەوە، چیتر ئەفسەری سوپا و پۆلیس ئەو شکۆمەندییەی جارانییان نەماوە، هۆکارەکەش بۆ هەموو کەسێک روونە، پۆست و دەسەڵاتەکان دابەش کراون، بۆیە پێویست دەکات هەموو لایەک هەوڵ بدات، شکۆ بۆ هێزە ئەمنییەکان بگێڕێتەوەو لەسەرووی لایەنە سیاسییەکان کە بەڕاستی نوێنەرایەتی یاسا بکات، کە بەداخەوە ئەم شتە بوونی نیە".
هەرچەندە یاسا حەیدەر عەبادی سەرپشک کردووە لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان، بەڵام هەندێک پێیان وایە، پێویستە لیژنەیەک بۆ سزادانی ئەو کەسانە پێکبهێنرێت کە کەمتەرخەمییان نواندووە.
تارق حەرب, پسپۆڕی یاسایی دهڵێت: "من پێشنیار بۆ سەرۆک وەزیران دەکەم بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی فراوان، بە گوێرەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی، کە تەنها ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری نەگرێتەوە، بەڵکو وەزارەتی خوێندنی باڵاش بگرێتەوە بۆ هێنانی پسپۆڕانی بواری تەقەمەنییەکان، دوو تا سێ کەس لە خەڵکی ناوچەکە، دادوەر و داواکاری گشتی و پارێزەر و پسپۆڕانی ئەمنی و یاسایی بۆ تێدابێت، کە ئەرکی لیژنەکە دەرخستنی راستی رووداوەکە بێت".
شوێنی کارەساتە خوێناوییەکە، بۆتە دیواری هەڵواسینی ناوی شەهیدەکان، کە راستی شکستی حکوومەتە یەکە لەدوای یەکەکان و دەزگا ئەمنییەکان دەردەخا، وێنەگەلێک کە چیرۆکی نیشتیمانی رەنگە جیاوازەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بەدەستی ویست و حەز و چاوچنۆکی خاوەن بڕیارە سیاسییەکان پارچەپارچە کراوە.