قائیمقامی خەبات: لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو دەستیپێکردووە

کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات
کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات

K24 - هەولێر:

کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی گوندێکی سنووری ئەو قەزایە رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان لەوبارەوە دەستیپێکردووە. ئەندامێکی ئەو بنەماڵەی تەقەشیان لێکراوە دەڵێت، بەردەوام هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت، بەڵام دۆسیەکەیان ڕادەستی دادگا کردووە.

شەوی ڕابردوو (سێشەممە 14ـی ئادار/مارسی 2023)، فەرزەندە سامان، دانیشتووی گوندی "گردەڕەشی"ـی سەر بە قەزای خەبات، لە سنووری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 11:00 لەلایەن چەند کەسێکەوە بە چەکی "ئار پی جی" تەقە لە ماڵی هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گوندە کرا.

کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات لەبارەی هۆکاری روودانی رووداوەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رووداوی تەقەکردنەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە، دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە و ئێستا گوندەکە ئارامە. گوتیشی، "هێزە ئەمنییەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکە کردووەتەوە".

 مەحموود هارون، ئەندامی ئەو بنەماڵەیەی شەوی رابردوو تەقەیان لێکراوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، روودانی تەقەکردنەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی نێوان ئەوان و بنەماڵەیەکی دانیشتووی ناحیەی گردەسێنی سەر بە ئاکرێ بووە و ئەو کەسانە دەناسن کە تەقەیان لێکردوون. ئاماژەی بەوەشکرد، جاری دووەمە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە "ئار پی جی" لەلایەن ئەو بنەماڵەوە تەقەیان لێدەکرێت.

 مەحموود هارون دەڵێت، سەرەتای کێشە کۆمەڵامەیتییەکەی نێوانیان بۆ سەرەتای ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە، "کاتێک چەند کەسێکی ئەو بنەماڵەیەی گردەسێن هێرشیان کردە سەر مام و براکەم و تیرۆریان کردن. هەر ئەو کات داوامان کرد بکوژەکان دەستگیربکرێن و دادگا کێشەکە چارەسەر بکات."

ئەندامی ئەو بنەماڵەیەی شەوی رابردوو تەقەیان لێکراوە گوتیشی، هەرگیز هەوڵیان نەداوە تۆڵەی خۆیان بکەنەوە و کەسیش بکوژن، بەڵام لایەنەکەی دیکە بووە بەردەوام لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون.

بەگوتەی ناوبراو، لە سەرەتای ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 18 تۆمەتباری تێوەگلاو بە رووداوی کوشتنی مام و براکەی دەرچووە، بەڵام تەنها سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون. ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لەوانەی شەوی رابردوو تەقەیان لێکردوون، لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

رەشید لەتیف، موختاری گوندی گردەڕەش بە کوردستان24ـی گوت: "چیڕۆکی رووداوەکە بەو شێوەیە نییە، کە هەردوو بنەماڵە باسی لێوە دەکەن، چەندین جار هەردوولا تەقەیان لەیەکتر کردووە، شەوی ڕابردووش ئەو بنەماڵەی تەقەی لێکرا، بەچەکی قورس وەڵامی تەقەکەرەکانیان داوەتەوە". روونیشیکردەوە، سبەی پێنجشەممە (16ـی ئادار/مارسی 2023)، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی رووداوەکە سازدەکەت و "بە شێوەیەکی بێلایەن" وردەکاری کێشە کۆمەڵڵایەتییەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرادەکات.