ئازاد تۆفیق: لە مێژووی مرۆڤایەتی ھیچ شوێنێک وەک ھەڵەبجەی بەسەر نەھاتووە
لە دوومانگی داھاتوودا ھەڵەبجە بە فەرمی دەبێتە 19مین پارێزگای عێراق
K24 – هەولێر
پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت: لە مێژووی مرۆڤایەتی ھیچ شوێنێک وەک ھەڵەبجەی بەسەر نەھاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئاداری 2023، لە رێوڕەسمی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، یەکەم بەھیمەتی خوای گەورە و پاشان بەھیمەتی دەسەڵاتدارانی عێراق لە دوومانگی داھاتوودا ھەڵەبجە دەبێتە پارێزگای فەرمی 19هەمینی عێراق.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە، رایگەیاند، لەکاتێکدا یادی 35 ساڵەی ھەڵەبجە دەکەینەوە خۆشبەختانە لە 13/3/2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیارێکی ئازایانە و بوێرانەی دەرکرد، کە یەکەم بەھیمەتی خوای گەورە و پاشان بەھیمەتی دەسەلاتدارانی عێڕاق لە دوومانگی داھاتوودا ھەڵەبجە دەبێتە پارێزگای فەرمی 19هەمینی عێڕاق، هەروەها پارێزگای چوارەمی ھەرێمی کوردستان.
پارێزگاری ھەڵەبجە گوتیشی: ئێمە مەرجەعی یەکەممان لە کوردستان حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ھەرچیەکیان بۆ ھەڵەبجە کردووە و ھەرچیەک بکەن دەبێت خۆیان بە قەرزاری ھەڵەبجە بزانن.
دەشڵێت: لە مێژووی مرۆڤایەتی ھیچ شوێنێک وەک ھەڵەبجەی بەسەر نەھاتووە، لە خوای گەورە داواکاربووین تووشی کارەساتی وانەبین، لە ساڵی 1988 دا لە ماوەی رۆژێکدا پێنج ھەزار شەھید و 10 ھەزار بریندار 200 دایک و خوشک و برا و منداڵیان ونبووە.