رێژەی هەڵاوسان لە عێراق بۆ 8.2% بەرزدەبێتەوە
K24 - هەولێر:
دامەزراوەی عێراق ئەلموستەقبەل بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری بڵاویکردووەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ سەدا 8.2 بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە، کە چەندین ساڵە عێراق بەخۆیەوەی نەبینیوە.
مەنار ئەلعوبەیدی سەرۆکی دامەزراوەکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە کەرتی خۆراک سەدا 10.4 بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا رێژەی هەڵاوسان لە کەرتی گواستنەوە بە رێژەی سەدا 13.9 بەرزبووەتەوە.
بەڵام رێژەی هەڵاوسان لە کەرتەکانی کارەبا و ئاو بە رێژەی سەدا 34 بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردووی بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بەڵام لە کرێدا تەنیا سەدا 1.6 بەرزبووەتەوە.
لە راپۆرتەکەی دامەزراوەی عێراق ئەلموستەقبەلدا هاتووە، تەنیا دوو کەرتی پەیوەندی و خزمەتگوزاری چاککردنەوە دابەزینیان تۆمارکردووە.