فەرهاد ئەترووشی: گفتوگۆی بونیاتنەر باشترین رێگایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری

فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازی و پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری راگەیاند بۆ بەستنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر بە مەبەستی چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا, پێشوازی و پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەریی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری راگەیاند، بە مەبەستی بەستنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردووەتەوە، گفتوگۆی بونیاتنەر، پەنابردن بۆ دەستووری عێراق و ئیرادەی نیشتمانی گەرەنتیی راستەقینە و باشترین رێگان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە و پاراستنی مافی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق و بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانیان لە تەواوی پارێزگاکان و هەرێمدا.

فەرهاد ئەترووشی داواشی لە سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان و لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی کردووە، بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییەدا بکەن و، زمانی لێکگەیشتن و هاوکاریی هاوبەش بخەنە پێشەوە لە پێناو سەرخستنی هەوڵەکانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی بەغدا کرد و، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رەزامەندییان لەسەر پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان دەربڕیوە بۆ بەستنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر، بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاوە بە گوێرەی دەستوور بۆ قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.