رێباز حەملان: ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیەکەوە قسەیان کردووە
K24 – هەولێر:
یاریدەدەرێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی دواهەواڵی کاتژمێر (23:00)ـی کوردستان24 ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، چەند کاتژمێرێک لەرێگەی ئۆنلاینەوە گفتوگۆیان کردووە.
ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و ئابووری رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەند کاتژمێرێک لەڕێگەی ئۆنلاینەوە لەبارەی بڕیاری دادگای فەرەنسا گفتوگۆیان کردووە و لەسەر کۆی پرۆسەکە قسەیان کردووە.
هەروەها رێباز حەملان جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە و گوتیشی،"بێگومان لەگەڵ بەغدا دەگەینە چارەسەرێکی گونجاو و ئەو بابەتەش کۆتایی دێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێباز حەملان ئاشکرایکرد، سبەی یەکشەممە (26ـی ئادار/مارسی 2023)، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆدەبنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و ئابووری روونیکردەوە، لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەو بڕیارەی دادگای فەرەنسا هیچ لێکەوتەیەكی نەرێنی نابێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەبەرئەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا هەیە. هەروەها هەماهەنگیش هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا.