ئەنەکەسە: داوامان کردووە هێزە چەکدارەکان لەنێو شارەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بکرێنە دەرەوە

ژمارەیەک لایەنگری ئەنەکەسە لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر
ژمارەیەک لایەنگری ئەنەکەسە لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر

K24 - هەولێر:

ژمارەیەک لایەنگری ئەنەکەسە لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوەیان لە دژی تیرۆرکردنی چوار گەنجە کوردەکەی شارۆچکەی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و داوا دەکەن سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی هێزە چەکدارەکان دابنرێت.

ئێوارەی جەژنی نەورۆز لە (20ـی ئاداری 2023) لە جندرێسی رۆژئاوای کوردستان، چوار هاووڵاتی کورد بەهۆی کردنەوەی ئاگری نەورۆزەوە لەلایەن گرووپی 'ئەحرار شەرقییەوە' کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی ئادار/مارسی 2023)، نەواف رەشید، ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر رایگەیاند، لەبارەی تیرۆرکردنی چوار گەنجە کوردەکەی شارۆچکەی جندرێسی سەر بە عەفرین، چەند داواکارییەکیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، گرنگترینیان دادگاییکردنی "تاوانبارانی رووداوەکە" بووە.

بەگوتەی نەواف رەشید، هێزە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن و دەربەدەر و ئاوارە ببن، بۆیە وەکو خۆی دەڵێت، داوایان کردووە لە زووترین کاتدا سنوورێک بۆ ئەو دەستڕێژیانە دابنرێت.

ئەو ئەندامەی دەستەی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، داواشیان لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کردووە، کە نابێت هێزە چەکدارەکان لەنێو شارەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بمێننەوە و دەبێت دەربکرێن، چونکە "بوونەتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر سەلامەتی هاووڵاتییان".