نرخی نەوتی ماڵان دادەبەزێت
هەفتەی داهاتوو نەوتی سپی دابەشدەکرێت
هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەولێر و دهۆک دەست پێ دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزگای سلێمانی هێشتا نووسراوی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی نەکردووە، دابەشکردنی نەوت لەو پارێزگایە دوا دەکەوێت و نرخی نەوتیش لە بازاڕەکان زیاتر لە 100 هەزار دینار دادەبەزێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە کردووە و داوای لێ کردوون زانیاریی تەواو لەبارەی پێویستییەکانیان و ئەو کۆمپانیایانەی بۆ گواستنەوەی نەوت رێپێدراون، بۆ وەزارەتەکە بنێرن. ئەمەش بە مەبەستی ئەوەیە وەزارەت نووسراو بۆ بەغدا بکات، تاوەکو کۆمپانیاکانی گواستنەوە بەشە نەوتی پارێزگاکان لە پاڵاوتگەکانی عێراق وەربگرن و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەن.
فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی سووتەمەنی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند "هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک وەڵامی وەزارەتیان داوەتەوە و ئێستا ئەو دوو کۆمپانیایەی بەشە نەوتی ئەو دوو پارێزگایە دەگوازنەوە لە بەغدان بۆ تەواوکردنی مامەڵە کارگێڕییەکان".
فەلاح مەولوود گوتیشی "ئەگەر ئەمڕۆ کارەکانیان تەواو بکرێت، یەکشەممە دەست بە گواستنەوەی نەوتەکە دەکەن، بەڵام بەهۆی پشووی هەینی و شەممە رەنگە یەک دوو رۆژ دوا بکەوێت. هەرچۆنێک بێت، 100%ـی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی سپی لەو دوو پارێزگایە دەست پێ دەکات".
سەبارەت بە سلێمانی و هەڵەبجە، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئاماژەی بەوە کرد، لە 2ـی تشرینی دووەم نووسراویان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە. گوتیشی: "ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم نووسراو ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراوەتەوە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە و هۆکارەکەشی بڕیارێکی سیاسییە".
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، پارێزگای هەولێر نزیکەی 19 ملیۆن لیتر، پارێزگای دهۆک نزیکەی 11 ملیۆن لیتر و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 20 ملیۆن لیتریان بەردەکەوێت.
فەلاح مەولوود ئەوەشی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد، نەوتەکە لە ناوچە شاخاوییەکان بە دوو قۆناخ دابەش دەکرێت. لە قۆناخی یەکەمدا هەر خێزانێک 100 لیتر وەردەگرێت و لە قۆناخی دووەمدا 100 لیتری دیکەیان پێ دەدرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەیە هەموو خێزانەکانی ناوچە شاخاوییەکان سوودمەند بن. نرخی نەوتەکە بەهەمان نرخی عێراق دەبێت و تێچووی گواستنەوەشی لەگەڵ هەژمار دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی سووتەمەنی روونیکردەوە "ئێمە داوای 269 ملیۆن لیتر نەوتمان کردووە تاوەکو 200 لیتر بەسەر یەک ملیۆن و 343 هەزار و 553 خێزان دابەش بکەین، بەڵام بەغدا لەم قۆناخە تەنیا 50 ملیۆن لیتری ناردووە و چاوەڕوانیش دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕە نەوتێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت".
سەبارەت بە نرخی ئێستای نەوت لە بازاڕەکان کە هەر بەرمیلێک لە سەرووی 350 هەزار دینارە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی کرد لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردن، نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکان بۆ 250 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستیی ناوخۆ بە سووتەمەنی دابینی دەکات و بۆچی نەوتی سپی لێ ناپاڵێورێت، بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، پاڵاوتگەکانی هەرێم یەکەی چارەسەر و پاڵاوتنی نەوتی خاویان بۆ نەوتی سپی نییە، بۆیە ئەو بڕە نەوتە تەنیا بۆ بەنزینی ئۆتۆمبێل و بەنزینی فڕۆکە دەپاڵێورێت.