سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر بەرپرسێکدا سەپێندرا
دەستەی دەستپاکی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ ناسر کازم جەبر، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو بەرپرسە بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئەرکە فەرمییەکانیدا سزادراوە، راشیگەیاند، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ناسر کازم جەبردا سەپاند، دوای ئەوەی دەرکەوت بڕی 350,000 دۆلاری وەرگرتووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو بڕە پارەیە وەک بەرتیل دراوەتە ناسر کازم لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی هاوبەشی نێوان کۆمپانیای گشتیی چیمەنتۆی عێراق و یەکێک لە کۆمپانیا تایبەتەکان.
دادگا هەروەها سزایەکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بەسەر تاوانبارەکەدا سەپاندووە. بڕیارەکە بەپێی سزاکانی ژمارە 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو دەرچووە.