پاکستانییەک داوای سەربەخۆیی بۆ سکۆتلەند دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی نوێی پارتی نیشتمانی سکۆتلەند رایگەیاند، سکۆتلەند لە هەمووکات زیاتر پێویستی بەسەربەخۆییە و ئێمە ئەو نەوەیەین سەربەخۆیی بۆ گەلی سکۆتلەند بەدەست دەهێنین.
حەمزە یوسف، هاوڵاتییەکی بەرەگەز پاکستانی موسڵمانە و خەڵکی پەنجابە و لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بووە سەرۆکی پارتی نیشتمانی سکۆتلەند و شوێنی نیکۆلا ستێرجنی گرتەوە.
حەمزە یوسف، دەبێتە وەزیری یەکەمی سکۆتەلەندا و لە یەکەم لێدوانیدا رایگەیاند، واز لە سەربەخۆیی سکۆتلەند ناهێنم و ئیستا کاتی سەربەخۆییە.
سەرۆکی نوێی پارتی نیشتمانی سکۆتلەند گوتیشی، "بەڵێن و پابەندی تەواوەتیم بەرامبەر ئێوە ئەوەیە دەست بە کاری لەمێژینە و سەرەکیمان، جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکەمان دەکەمەوە بە ئاراستەی سەربەخۆیی سکۆتلەند. خەڵکی سکۆتلەند ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە سەربەخۆییە زۆر زیاتر لە ساڵانی پێشوو پێویستیان بەسەربەخۆییە. ئێمە ئەو نەوەیەین سەربەخۆیی بۆ گەلی سکۆتلەند بەدەست دەهێنن".