بڕیاره‌ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

K24 – هەولێر

بەوپێیەی کە هەرێم و بەغدا نزیکن لە رێککەوتن، بڕیاروایە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەمەش دوای دانووستانەکانی نێوان هەردوولا دێت، كه‌ لە چەند رۆژی رابردوودا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌مباره‌یه‌وه‌ گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە بە کوردستان24ـــی راگەیاند، نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراقدا سەرچاوەی ئەوکێشانەیە کە لەدۆسییەی نەوتدا دروست دەبێت.

ئەو پسپۆڕەی بواری وزە دەشڵێت :"ئەو ماددەی کە بەوردی باسی نەوت دەکات له‌ ده‌ستووری عێراقدا، ماددەی 111ـــیە کە دەڵێت، نەوت و گاز موڵکی سەرانسەری گەلی عێراقه‌،  هەروەها مادەی 112 دەڵێت، پارێزگاکان و هەرێمەکان لەگەڵ بەغدا پێکەوە دەتوانن کێڵگەکانی نەوت و گاز بەرێوەببەن".

بەپێی لێکداوەنەوە و لێکۆڵینەوەکان، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر کۆی داهاتی عێراق و بازاڕی جیهانیی نەوت دروستدەکات، بەتایبەت کە ئێستا حکومەت و پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی عێراقدان.

بە بڕوای رامیار رزگار شارەزای بواری ئابووری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ ئەو بوارە کردووە، لەبەر ئەوەی لەپەسەندکردنی بودجەی ساڵانی پێشوو لەگەڵ بودجه‌ی ئەم ساڵ،2024 و 2025ـــیش لە ماددەی یەک هەرێم پابەند کراوە کە 400 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.

رامیار رزگار شارەزایی بواری ئابووری گوتیشی :"هەرێمی کوردستان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ بابەتی هەناردەکردنی نەوت کردووە، هەروەها لەئێستادا حکومەتی عێراق ناتوانێت بەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بوودجە تێپەڕبکات، لەبەر ئەوەی بودجەکە بودجەیه‌کی زەبەلاحە نزیکەی 63 ترلییۆن دینار دەبێت".

لەدۆسییەی نەوت و گازدا بەغدا داوای پابەندبوون بەدەستور دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان بابەت نەک ئەمساڵ چەندین ساڵە داوادەکات، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە، بەغدا تەنها لە دۆسییەی نەوت داوای جێبەجێکردنی ده‌ستوور دەکات، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدۆسییەی نەوت، مادەی 140، پێشمەرگە و بوودجە داوای پابەندبوون بەدەستوور دەکات.  

Fly Erbil Advertisment