خوشکی کیم جۆن ئون بۆ سەرۆکی ئۆکرانیا: هەڵەیت پشت بە ئەمەریکا دەبەستیت
K24 - هەولێر:
خوشکی کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا هەڵە دەکات کاتێک بە پشتبەستن بە ئەمەریکا شەڕی رووسیا دەکات و دەڵێت، زیلینسکی گەلەکەی خستووەتە مەترسییەوە و دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەلەکەی دەخاتە مەترسییەوە کاتێک "پشت بە كڵاوی ئەتۆمی ئەمەریکا دەبەستێت و شەڕی رووسیا دەکات".
بەگوتەی خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور، زیلینسکی خواستێکی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە و دەڵێت: ئەگەر زیلینسکی پێیوایە بە پشتبەستن بە کڵاوی ئەتۆمی ئەمەریکا دەتوانێت گەلی خۆی لە رووسیا بپارێزێت، ئەوا هەڵەیە.
کیم یۆ جۆنگ دەڵێت: زیلینسکی دەیەوێت چەکی ئەتۆمی لە ئەمەریکاوە بهێنێتە وڵاتەکەی، ئەمەش خواستێکی سیاسی مەترسیدارە کە بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی دەکات و وڵاتەکەی دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەمساڵ، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور ناڕازەیەتی خۆی لە بەرامبەر هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەربڕی و گوتی: لە گۆڕەپانی شەڕدا لەگەڵ گەل و سوپای رووسیا دەوەستینەوە و هاوکاریان دەکەین.